Unable to start

The following failed to load:

Please refresh to try again

Customize your experience
image for Explaining Menstruation to…image for Explaining Menstruation to…

Explaining Menstruation to Boys (Kurdish)

بەشی يەکەم: چۆن سوڕی مانگانە بۆ کوڕان باس دەکەیت

ڕوون کردنەوەی پڕۆسەی سوڕی مانگانە بۆ کوڕان.


لە کاتێکی تەمەنی، کوڕ لە پڕۆسەی سوڕی مانگانە تێدەگات لە دایکی، خوشکی، هاوپۆلەکانی یاخود تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان. بابەتەکە لەوانەیە تۆزێك ناڕەحەت بێت بۆ باسکردن بۆیە پێویستە پێش وەختە خۆت بە باشی ئامادە کردبێت. تێگەیشتنی تەواو لە سوڕی مانگانە یارمەتی کوڕان دەدات ببن بە برایەکی، باوکێکی، کوڕێک و هاوڕێيەکی میهرەبان. [١]

١. زانیاری خۆت زۆر بکە دەربارەی سوڕی مانگانە.


زۆر گرانە کە بابەتێك بۆ منداڵێك باس بکەیت کە خۆت زانیاری تەواوت لەسەری نەبێت. پێش ئەوەی بابەتەکە لەگەڵ منداڵەکە باس بکەیت کە لە هەر تەمەنێك بێت، پێداچونەوەیەك لەسەر زانیارەکانت بکە دەربارەی سوڕی مانگانە.[٢] دەتوانی پێداچونەوەی کۆئەندامی زاوزێی ئافرەت بکەیت و ڕەسم بە کاربێنی لە کاتی ڕوون کردنەوە. تا زیاتر ئاسودە بی دەربارەی زانیاریەکانی کە هەتە، بۆت ئاسانتر دەبێت لە کاتی باس کردنی بابەتەکە.


  • دەتوانی هەوڵ بدەی کتێبێك بدۆزیتەوە دەربارەی سوڕی مانگانە کە بۆ منداڵ نوسرابێ یاخود لەگەڵ کوڕەکانت بەشی بکەیت.



٢.  کردارەکانی منداڵدان تاوتوێ بکە.

ئەگەر ئەو کوڕەی قسەی لەگەڵ دەکەی زانیاری هەبێ لەسەر چۆنەیەتی هاتنە دونیای منداڵ، ئەوە ئاسانتر دەبێت بۆت. بەڵام گەر نەیبوو ئەوا بۆت قورستر دەبێت. دەتوانی ئەوەی بۆ باس بکەیت کە هەموو ئافرەتێك ئەندامێکی هەیە پێی دەوترێت منداڵدان کە منداڵ لێی گەشە دەکات. هەموو مانگێك منداڵدان خۆی ئامادە دەکات بۆ گرتنەخۆی منداڵێك، وە تا بتوانێت ئەوە بکات منداڵدان خۆی بەهێز دەکات بە دروستکردنی بەرگێك لە ژوورەوە.


  • بۆ نمونە دایکەکە دەتوانێت بە کوڕەکە بڵێت هەموو ئافرەتێك منداڵدانی هەیە، کە ئەو شوێنەیە منداڵ تێیدا گەشە دەکات تا ئەو کاتەی لە دایك دەبێت. هەموو مانگێك لەش خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی منداڵێکی بگرێتە خۆ، بۆیە دیوی ژوورەوەی منداڵدان ئەستوور دەبێت تا بتوانێت هێلکەیەک بگرێت و بیهێڵێتەوە. ئەگەر کاتی ئەوە بوو منداڵ درووست بکات ئەوا هێلکەکە لە ناو منداڵدان گەشە دەکات.

  • گەر کوڕەکە کێشەی هەبوو لە تێگەیشتنی بابەتەکە، دەتوانی بڵێیت کە منداڵدان وەکە باڵۆن وایە لەناو سکی ئافرەت. لە تەمەنی پێنج ساڵی منداڵ دەبێت ناوەکانی کۆئەندامی زاوزێ بزانێت.

٣. ڕوونی بکەوە کە ئەگەر منداڵ درووست نەبوو ئەوە دەبێتە هۆی خوێن لێهاتن.

گەر ئافرەتەکە دووگیان نەبوو ئەوا منداڵدان پێویستی بەو بەرگە ئەستورەی ناوەوەو نابێت کە درووستی کردووە بۆیە بەرگەکە تێك دەشکێ و لە زێ دێتە خوارەوە.

  • دایکەکە دەتوانێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت: گەر دایکەکە نەیەوێت منداڵێکی هەبێت، ئەو بەرگە بەهێزەی منداڵدان لە ناو دەچێت و لادەبرێت چونکە ئافرەتەکە پێویستی پێی نیە. بەرگەکەش لە ڕێگەی خوێنەوە لە لەش دەردەچێت بە نێو زێی ئافرەتەکە.

٤.  باسی کەلوپەلەکانی سوڕی مانگانە بکە.

باسی ئەوە بکە کە ئافرەتان سانتی، تامپۆن بەکاردێنن بۆ کۆکردنەوەی ئەو خوێنای لەبەریان دەڕوات. دڵنیا بە لەوەی ئەوە باس بکەیت کە ئەو خوێنە هی بەرگەکەی ناوەوەی منداڵدانەو و بە هۆی هیچ برینێکی ترەوە نیە.

  • دەتوانی بڵێيت: " ئافرەت زۆر ڕێگای جیاواز بەکار دەهێنێ بۆ کۆ کردنەوەی ئەو خوێنەی لەبەری دەڕوات. وە ئافرەتان ئەو ڕێگایانە دەگرنە بەر تاوەکو خۆیان بە پاکی ڕابگرن.

  • گەر کوڕەکە تەمەنی گەورەتر بوو دەتوانی دانە بە دانە باسی کەلو پەلەکان بکەیت و هەر یەکە چۆن کار دەکات.


بەشی ٢ : نەهێشتنی زانیاریە ناڕاستەکان.

١ . بە باشە باسی سوڕی مانگانە بکە.


پێش ئەوەی دەست بە باسکردنی بابەتی سوڕی مانگانە بکەیت، هەوڵی تەواوت بدە کە بابەتەکە بە شێوەیەکی ئەرێنی بگەیەنی. گرنگە کە کچان و کوڕان سوڕی مانگانە بە پڕۆسەیەکی تەندروست و نۆڕماڵ ببینن، نەك بە شێوەیەك کە دەبێ شەرم بکەن، تەریق بنەوە یان هەست بە شەرمەزاری بکەن. [٥] . خۆت دووربگرە لە بەکارهێنانی شێوازێکی گەیاندن کە سوڕی مانگانە بە شێوەیەکی قێزەوەن، نەرێنی یان نەویستراو پێشان بدات.


  • لەوانەیە کوڕان وا هەستبکەن کە خوێن هاتنەکە بە ئازار بێ، وەکو ئازاری ئەوەی کە شوێنێکت دەبڕی. دڵنیایان بکەوە کە خوێن هاتنەکە بە ئازار نییە. دەتوانی باسی ئەوە بکەی کە هەندێك ئافرەت توشی گرژی ماسولکەکان دەبن کە ئازاریان دەدات بەڵام ئازارەکە هی خوێن لێهاتنەکە نییە.


  • کاتێك باسی سوڕی مانگانە دەکەیت، ئەوە باس بکە کە سوڕی مانگانە پڕۆسەیەکی نۆڕماڵ و تەندروستە لە ژیانی کچان کە دەگەنە تەمەنی هەرزەکاری. هەروەك چۆن کوڕان لەو تەمەنە دەنگیان دەگۆڕێ و ڕیش وسمێڵیان بۆ دێت، کچانیش بەو شێوەیە گۆڕانکاری لە جەستەیان ڕوو دەدات.


  • بڵێ: کچ پێش ئەوەی سوڕی مانگانەی بۆ بێت توانای ئەوەی نییە منداڵ دروست بکات. کاتێك بۆ یەکەم جار دەکەوێتە سوڕی مانگانە، نیشانەی ئەوەیە ئێستا ئامادەیە منداڵ دروست بکات وە ئەمەش مایەی دڵ خۆشیە. بەڵام ئایا کچەکە ئێستا خۆی ئامادەیە و دەیەوێ منداڵی ببێ ئەوە شتێکی کەیە.


٢. باسی ئەوە بکە کە چۆن لەش خۆی پاك دەکاتەوە.

گەر منداڵەکە تەمەنی بچوك بوو، دەتوانی باسی ئەوە بکەیت کە چۆن لەش خۆی پاك دەکاتەوە. بڵێ، " لەشی کچان جیاوازە لە لەشی کوڕان. لەشی مرۆڤ لە ڕێگای جیاواز خۆی پاك دەکاتەوە بۆ نموونە کە لوتت پاك دەکەیتەوە یان دەچی بۆ سەرئاو. کاتێك کچ تەمەنیان گەورە دەبێت، لەشیان دەست دەکات بە خۆ پاك کردنەوە بە ڕێگایەکی نوێ کە سوڕی مانگانەیە وە هەندێك جار کچ ڕێگای جیاواز بەکاردەهێنێ بۆ پاك ڕاگرتنی خۆی.


٣ . باسی بەشەکانی لەش و فەرمانکەکانیان بکە.

پێکهاتەی لەشی کچ جیاوازە لەوەی کوڕ. پێویستە لەسەرت ئەم دەستەواژانەی وەکو منداڵدان، زێ ، دووگیان بوون شی بکەیتەوە. بڵێ " ئەم ئەندامانە تایبەتن بە کچ کە کوڕ نیانە. منداڵدان ئەو ئەندامەیە کە منداڵ لێی گەشە دەکات، زێ ئەو شوێنەیە کە منداڵ پێیدا تێپەڕ دەبێ لە کاتی هاتنە دەرەوە. دووگیانی ئەوەیە کاتێك منداڵ لەناو سکی دایکی گەشە دەکات."[٦]


  • دەتوانی بڵێی، " کچان و ژنان پێکهاتەی لەشیان جیاوازە لەگەڵ کوڕان ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە ئافرەت دەتوانن منداڵ لە ناو لەشیان گەشە بکات بەڵام پیاو ناتوانن. هەندێ ئەندام هەن ئافرەت هەیانە بەڵام پیاو نیانە."


٤ . دەستەواژە نوێیەکان ڕوون بکەوە.

گەر کوڕەکە تەمەنی گەورەتر بوو دەتوانی باسی ئەو دەستەواژە باوانە بکەیت کە پەیوەندیان بە سوڕی مانگانەوە هەیە و بە ڕوونی شیان بکەیتەوە، بۆ نموونە: سووڕی مانگانە، کەوتنە سەر خوێن یان بێ نوێژبوون.


  • زۆر بە سادەیی وەڵامی پرسیارەکان بدەوە. گەر ووشەی سوڕی مانگانەت ڕوون کردەوە دەتوانی بڵێيت: "سوڕی مانگانە مانای ئەو کاتەیە هەموو مانگێك لەشی ئافرەت خۆی پاك دەکاتەوە، ئەو ووشەیە کە هەموو پڕۆسەکە پوخت دەکاتەوە."


٥.  کوڕەکانت فێر بکە کە بە ڕێزەوە لە پڕۆسەی سوڕی مانگانە بڕوانن.

بە جوانی ڕوونی بکەوە کە هیچ شتێکی خراپ دەربارەی پڕۆسەی سوڕی مانگانە و کەوتنە سەر خوێن نیە و شتێکی نوشیاو و قێزەوەن و مایەی شەرم نیە و وا لە کچ ناکات پیس بێت. کوڕەکانت فێر بکە کە گەر بزانن کچێك کاتی سوڕی مانگانەیەتی ئەوا ڕێزی لێ بگرن و بە باشی مامەڵەی لەگەڵ بکەن نەك گاڵتەی پێ بکەن یان بیشکێننەوە.


  • بڵێ: "گەر هەستت کرد کچێك کاتی سوڕی مانگانەیەتی یان خوێن بە جلەکانیەوەیە، گرنگە کە بە ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەی. بۆت نییە گاڵتەی پێ بکەیت و قسەی ناشرینی پێ بڵێيت. بیرت بێت کە پڕۆسەی سوڕی مانگانە شتێکی زۆر ئاساییە."


  • دڵنیا بە لەوەی کە دەزانن پڕۆسەی سوڕی مانگانە شتێکی زۆر ئاسایی و تەندروستە.


بەشی ٣: زانیاری بدە منداڵە بچوکەکانت دەربارەی گەشە کردن.

١.  پێش وەختە دەست بکە بە باس کردنی بابەتەکە.

هەوڵ مەدە ئەم بابەتانە پشت گوێ بخەیت تا منداڵەکەت دەگاتە تەمەنی هەرزەکاری، لە بری ئەمە هەوڵ بدە ووردە ووردە باسی بابەتەکە بکەیت لەگەڵ تێپەڕ بوونی کات. ئەگەرنا وا لە منداڵەکە دەکەیت هەست بکات باس کردنی ئەم بابەتە کارێکی ناڕەوایە و تۆش هەلی ئەوەت نابێت ئەو زانیاریە هەڵانە ڕاست بکەیتەوە کە ئەو بە دەستی دەهێنێت. شتێکی باشە کە دەست بکەیت بە باس کردن و دایەلۆگ کردن لەسەر چۆنیەتی پێکهاتەی لەشی کچ و کوڕ کە تەمەنیان بچوکە نەك چاوەڕێ بکەیت تا دەگەنە تەمەنی باڵغ بوون.


  • کوڕەکانت تێبگەیەنە کە دەتوانن بێنە لات گەر پرسیاریان لەسەرهەر شتێك هەبوو بۆ ئەوەی بتوانن متمانە بە تۆ بکەن و بە شێوەیەکی ئەرێنیانە و ڕاست و دروست لە بابەتەکە تێبگەن.


٢. وەڵامی پرسیارەکانی منداڵەکەت بدەوە گەر مەراقی کرد.

منداڵی بچوك زۆر خۆتێهەڵقورتێنەرن وتێبینی هەموو شتێك دەکەن. کوڕەکەت لەوانەیە سانتیەك لەناو تەنەکەی خۆڵەکە ببینێت یان تۆ ببینێت کە تامپۆن دەکڕیت. گەر منداڵەکەت تەمەنی بچووک بوو(٣-٦ ساڵی)، پێویست ناکات هەموو شتێکی بە وردی بۆ باس بکەیت بەڵام گەر پرسیان یان مەراقیان کرد بە سادەیی وەڵامیان بدەوە و پێویست بە تەریق بوونەوە و لێ شاردنەوە ناکات. [٨]


  • گەر کوڕەکەت پرسی ئەمە چییە؟ وە کەلو پەلێکی تایبەت بە سوڕی مانگانە بوو ئەوە ناوی شتەکەی پێ بڵێ( سانتیە، تامپۆنە... هتد) وە دەتوانی پاشان بڵێیت "ئەوە ئافرەت بەکاری دەهێنێت تا خۆی بە پاکی ڕابگرێت. "

  • کاتێك کوڕ گەورە دەبێت، ووردە ووردە پرسیاری قوڵتر دەکات لە بارەی پڕۆسەی سوڕی مانگانە یان چۆن منداڵ دێتە دونیا. بە وریایی بڕیار بدە کە دەبێت چەند زانیاریان بدەیتێ نەک نەيانەوێ ئەو شتە بزانن یان پێویستیان پێ نابێ لەو کاتە.


٣. پرسیارەکان پشتگوێ مەخە.

منداڵ خەسڵەتێکیان هەیە کە پرسیاری شەخسی یان تۆزێک ناڕەحەت دەکەن بەتایبەت لە شوێنی گشتی یان لە ناو خەڵك. کاتێك پرسیار دەربارەی سوڕی مانگانە دەکەن، پێيان مەڵێ دواتر یان لە ماڵەوە وەڵامت دەدەمەوە چونکە وا هەست دەکەین پرسیارەکەیان نابەجێيە. ئەگەر شوێنەکە خەڵکیشی لێبوو، هەموو هەوڵی خۆت بدە کە وەڵامی پرسیارەکە بدەیتەوە.


  • گەر پرسیارەکە تۆزێ بۆت لە ناکاو بوو و نەتزانی وەڵام بدەیتەوە ئەوا دەتوانی دواتر کە چوونە ماڵەوە زیاتر لەسەر بابەتەکە بگەڕێی و وەڵامیان بدەیتەوە.


٤.بە گوێرەی پێگەیشتنیان و تەمەنیان وەڵامی پرسیارەکان بدەرەوە.

بە گوێرەی پێگەيشتنی منداڵەکەت وەڵامی بدەرەوە.[٩] بیر بکەوە کە منداڵەکەت لەو تەمەنە دەتوانێ لە چ شتێك تێبگات و چۆن دەتوانی بابەتەکە بە زمانی ئەوان باس بکەیت. گرنگە ئەوە بزانی کە سوڕی مانگانە بەشێکە لە پڕۆسەی گەرەبوون و پەروەردەی سێکسی. دابەشکردنی بابەتەکە بەسەر چەند بەشێك کە بتوانن لێی تێبگەن بە گوێرەی تەمەنیان وا دەکات بتوانی لەگەڵ زیادبوونی تەمەنیان زانیاری تەواویان پێبدەیت و هۆشیاریان لە بابەتەکە هەبێت. [١٠]


  • وەڵامەکانت قورس و ئاڵۆز مەکە. زۆر بە سادەیی پرسیارەکان وەڵام بدەوە بە زمانێك بتوانن بە باشی تێبگەن.

  • ئەوەندە زانیاری پێ بدە کە وەڵامەکەی دەست بکەوێت و مەراقەکەی نەمێنێت. زۆر شتیان بۆ باس مەکە پێش ئەوەی خۆیان بپرسن و هەموو زانیاریێکیان پێ مەدە.

:References

  1. http://www.takepart.com/article/2015/05/01/teen-boy-grow-up-girls-periods-arent-gross
  2. http://kidshealth.org/en/parents/talk-about-menstruation.html#
  3. http://www.aboutkidshealth.ca/En/HealthAZ/FamilyandPeerRelations/Sexuality/Pages/Sex-Education-Age-Appropriate-For-Children-what-they-should-learn-and-when.aspx
  4. http://www.med-health.net/What-Is-The-Function-Of-The-Uterus.html
  5. http://kidshealth.org/en/parents/talk-about-menstruation.html#
  6. http://www.aboutkidshealth.ca/en/resourcecentres/pregnancybabies/preparingforpregnancy/pages/reproduction.aspx
  7. http://kidshealth.org/en/parents/talk-about-menstruation.html#
  8. http://kidshealth.org/en/parents/talk-about-menstruation.html#
  9. http://www.aboutkidshealth.ca/En/HealthAZ/FamilyandPeerRelations/Sexuality/Pages/Sex-Education-Age-Appropriate-For-Children-what-they-should-learn-and-when.aspx
  1. http://kidshealth.org/en/parents/talk-about-menstruation.html#
  2. http://parents.berkeley.edu/advice/health/menses_explain.html
Posted 3 years ago
Comments